کاتێک پێست لە توانای ڕادەبەدەری خۆی زیاتر بکشێت، لە ژێرەوە و بە شێوەی هێڵ ئەپچڕێت و ئەو بەشە تەنها لە سەرەوە بە ساغی ئەمێنێتەوە. بە مەش شوێن پچڕانەکە لە شێوەی هێڵی تاڕادەیەک تەریب بە یەکتر دەرئەکەون.
نیشانەکانی: زیاتر لە خانماندا ڕووئەدەن، ئەکرێت لە هەر جێگەیەکی لەشدا ڕوو بدەن، بە تایبەتی لە سنگ، ورگ، قۆڵ، سمت، و ڕان. ڕەنگیان کاڵتر یان مۆرتر بە بەراورد بە پێست دەرئەکەون، ڕەنگە خورانیان لەگەڵدا بێت.
هۆکارەکان: هۆکارەکانی زیاتر ئەگەڕێتەوە بۆ:
1. ڕەگەزی مێیینەیی،
2. دووگیانی، بە تایبەت دووگیان بون بە مناڵی دوانە،
3. زیاد بوون و دابەزینی کێش بە خێرایی،
4. دەرمانی ستیرۆید بە شێوەی حەب، دەرزی یا کرێم (وەک کۆرتیزۆن)،
5. نەخۆشییە هۆرمۆنییەکان کە ئەبنە هۆی بەرزبوونەوەی کۆرتیزۆن لە خوێندا.
6. خێرایی گەشەی لەش لە هەرزەکاراندا،
7. سیفەتی بۆماوەیی.
خۆپاراستن: هەرچەندە چەند ڕێگایەک هەن بۆ خۆپاراستن لەم هێڵانە، بەڵام ناتوانن سەد لە سەد ڕێگە لە ڕوودانی بگرن. زیاترینی ڕێگاکان بریتین لە:
1. بەکارهێنانی کرێمی تایبەت بە شێوەیەکی ڕێک و بەردەوام،
2. پاراستنی کێش لە زیاد بوون و کەم بوون،
3. وەرزش کردنی ڕێک و دروست،
4. ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ کاتی دووگیان بوون،
5. بەکار نەهێنانی دەرمان بێ ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ.
چارەسەر: لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا کاڵتر و کاڵتر ئەبنەوە، بەڵام لاچوونیان تا ڕادەیەک ئاستەمە. زۆر ڕێگا هەن بۆ کەمکردنەوەیان، بەڵام هیچیان بە تەواوەتی بنەبڕی ناکەن، بەڵکو باشتری ئەکەن، بەڵام ئەوانەی کەوتوونەتە بەشی خوارەوەی ورگ ئەتوانرێت لەگەڵ نەشتەرگەری جوانکاری ورگدا لاببرێن.